سەردێڕ:

منداڵێکی سێ ساڵ لەگەڵ دایک و باوکیدا بۆ گەشت رۆشتن بەڵام تەرمەکانیان بۆ ماڵەوە دەگەڕێنرێتەوە

فۆتۆ: 
2021-05-15

12243 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ خێزانێکی سێ کەسی کە بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی گەلی عەلی بەگیان کرد بوو خنکان و گیانیان لەدەستدا و بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران وردەکاری رووداوەکە ئاشکرادەکات.


بەیار محێدین وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران رایگەیاند، کە خێزانەکە خەڵکی قەزای شەنگال بوون و لە شارۆچکەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرن نیشتەجێ بوون.

بەیار محێدین وتووشییەتی، منداڵەکە کچێکی تەمەن سێ ساڵانە ناوی (ئـ، م، ع)ـە و دایکی منداڵەکەش تەمەنی ٢٢ ساڵانە و ناوی (ت، ز، ئـ)ـە و باوکی منداڵەکەش تەمەنی ٢٦ ساڵانە و ناوی (م، ع، ئـ)ـە.

بەگوێرەی وتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، رووداوەکە بەوجۆرە بووە کە منداڵەکە دەڕواتە ناو ئاوەکە و دەخنکێت و دواتریش باوکەکە دەڕوات بۆ رزگارکردنی منداڵەکەی و ئەویش دەخنکێت و دواتریش دایکەکە بە دوایاندا دەڕوات و ئەویش بەهەمان شێوە دەخنکێت.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا تەنیا تەرمی منداڵەکە دۆزراوەتەوە و گەڕان بە دوای تەرمی ژن و پیاوەکەدا بەردەوامە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ساڵانە رووداوی لەم جۆرە لە سەیرانگاکانی هەرێمی کوردستاندا دووبارە دەبنەوە، تەنیا لە ساڵی رابردوودا لە گەلی عەلی بەگ هەشت گەشتیار خنکاون.