سەردێڕ:

رێباز حەملان لەسەر لێبڕینی موچە زانیاری نەوتراو دەڵێت

حکومەت لەسەر لێبڕینی موچە کۆدەبێتەوە
فۆتۆ: 
2021-05-15

139050 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ کاروبارى وەبەرهێنان و راژە رایگەیاند، تا ئێستا بڕیار لەسەر لێبڕینی موچەی ئەم مانگە نەدراوە، دەشڵێت، "لە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمدا باسی لێبڕینی موچەی تێدا نییە."


رێباز حەملان یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ کاروبارى وەبەرهێنان و راژە بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەوەی موچەی ئەم مانگە بە لێبڕینەوە یان بەبێ لێبڕین دابەشبکات بڕیاری نەداوە، دەشڵێت، "چاوەڕێین بەغدا بەشە بودجەی هەرێم بنێرێت."

پشکى هەرێم لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧٪ دیارییکراوە، لە بەرامبەردا، حکومەتى هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخى سۆمۆ لەگەڵ رادەستکردنى نیوەی لە داهاتی خاڵە سنورییەکان.

رێباز حەملان ئاماژەی بەوەشكردووە، رۆژی ١٩ی ئایار ئەنجومەنی وەزیران لەسەر موچەی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە و تائێستاش روون نییە کە "ئایا بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت یان نا."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، وەزارەتی دارایی سەرجەم داهاتەکان کۆدەکاتەوە و ئەمەش یارمەتی حکومەت دەدات بۆ بڕیاردان لەسەر موچە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم بە بیانوی کەمی داهات و دابەزینی نرخی نەوتەوە، بە لێبڕینی ٢١%وە موچەی فەرمانبەرەکانی دابەشدەکات، لەکاتێکدا نرخی نەوت بە نزیکەی ٧٠ دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت و داهاتی ناوخۆش لە چاو ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.