سەردێڕ:

دوای جه‌ژن ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت

فۆتۆ: 
2021-05-14

1650 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، مسته‌فا كازمی فه‌رمانیكردووه‌، رێككه‌وتنی ئه‌منی نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم جێبه‌جێ بكرێت.


جه‌بار یاوه‌ر بە ئێن ئاڕ تى رایگەیاند، بڕیارە دواى جەژن سه‌نته‌ری هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌كانی خانه‌قین، كه‌ركوك، موسڵ و مه‌خموور لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق لەسەر پێشنیازى مستەفا کازمى دروستبكرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هێزێکى هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق دروستدەکرێت بۆ پاراستنى ئەو ناوچانەى بۆشایی ئەمنییان هەیە.

جەبار یاوەر وتیشى، رێككه‌وتنه‌ ئه‌منییه‌كه‌ له‌ نێوان لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لیژنه‌ی هاوشێوه‌ی له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان واژوو كراوه‌ و تەنها چۆنێتى جێبەجێکردنەکەى ماوە، بڕیارە دواى جەژن جێبەجێبکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەوتەى بەرپرسانى سەربازى عێراق و هەرێم، داعش جوموجۆڵەکانى بەشێوەى مەفرەزەى سەرەتایی دەستپێکردووەتەوە و شەوی یەکی ئەم مانگە، چەکدارانی داعش لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، هێرشیانکردە سەر دوو سەنگەری سەربازی پێشمەرگە و بەهۆیەوە سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و دوو پێشمەرگەش برینداربوون.