سەردێڕ:

رووداوی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکە لە چییەوە سەری هەڵداوە؟

فۆتۆ: 
2021-05-14

10357 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی رووداوی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکەی هەولێر لە توركیا، پارێزگای مێرسین رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەگەڵ هێرشكاران بەردەوامە و روبەڕوی سزا دەکرێنەوە، باسی لە هۆکاری رووداوەکەش کرد.


 عەلی ئیحسان پارێزگاری مێرسین لە ماڵپەڕی فەرمیی پارێزگاى مێرسیندا، بڵاویکردەوە، رووداوی هێرشکردنە سەر خێزانە کوردەکەی هەولێر لە مێرسین پەیوەندی بە بابەتی نەتەوەپەرستیەوە نییە، ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە لەبارەی ئەو رووداوەوە دوورە لە راستیەوە.

باسی لەوەشکردووە، هۆکاری سەرەکی کێشەکە بەهۆی رووداوی هاتوچۆی نێوان دوو ئۆتۆمبیلەوە بووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ کەسەی کە هێرشیانکردووەتە سەر خێزانە کوردەکە دەستگیرکراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە، ئەو کەسەشی بریندار کرابوو لە نەخۆشخانەی حكومی ئەناموور چارەسەری پزیشكی پێویستی بۆ كراوە.

ئەمەش دوای ئەودێت، خێزانێکی کوردی شاری هەولێر بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی تورکیایان کردووە، بەڵام لەلایەن چەند کەسێکی بەنەتەوە تورکەوە روبەڕوی هێرش و پەلاماردان بوونەتەوە و تیایدا پیاوێکی خێزانەکە، بەسەختی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.