سەردێڕ:

لە ئەمریکا بەستنى دەمامکى ناچاریى لە شوێنە گشتییەکاندا هەڵگیرا

فۆتۆ: 
2021-05-14

2423 جار خوێندراوەتەوە

پاش دابەشکردنى زیاتر لە ٢٦٠ ملیۆن ژەمە ڤاکسینى کۆرۆنا بەسەر هاوڵاتیانیدا، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا سەپاندنى بەستنى دەمامکیان لابرد، سەرۆکی وڵاتەکەش راگەیاندنی لابردنی دەمامکى ناچاریی لەشوێنە گشتیەکان بە رۆژێکی مەزن ناوبرد.


بەرپرسانى  تەندروستى ئەمریکا رایانگەیاند، ئەو کەسانەی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کوتراون دەتوانن لە شوێنە گشتییەکان دەمامک بەکارنەهێنن، ئەو کەسانەش کە هێشتا نەکوتراون و رەتیدەکەنەوە دەمامک ببەستن سزا نادرێن.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانی رۆژنامەنووسیدا سەبارەت بە رێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا رایگەیاند، ئەگەر هاوڵاتییەک بە ڤاکسینی کۆرۆنا نەکوترابێت، با دەمامک بۆ پاراستنی خۆى و کەسانی تر بپۆشێت، وتیشى، ئەمە ناچارکردن نییە بەڵکو بۆ سەلامەتییە و ئەوان لەسەر ئەو رێکارە خەڵک دەستگیر ناکەن.

تا ئێستا لە ئەمریکا زیاتر لە ٢٦٧ ملیۆن کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە، کە ١١٩ ملیۆنیان بە تەواوى بە ڤاکسینەکە کوتراون، پێشتریش لە چەند وڵاتێکى دیکە لەوانەش بەریتانیا بەهۆى زۆریى ژمارەى کوتراوان بە ڤاکسینى کۆرۆنا ژیان ئاساییکراوەتەوە.