سەردێڕ:

وەزارەتی کارەبا: تا مانگی ٦ بەرهەمهێنانی کارەبای گەرمیان دەگاتە ١٦٥ مێگاوات

فۆتۆ: 
2021-05-14

747 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای گەرمیان کارەکانی تەواو بووە و بەپێی پلانەکان تا کۆتایی مانگی شەش رێژەی بەرهەمهێنان لەو وێستگەیە دەگاتە ١٦٥ مێگاوات کارەبا.


ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو لە رێگەی داتا و ئاماری تایبەتەوە پلانی کارەبا بۆ وەرزی هاوین بڵاودەکەنەوە.

ئومێد ئەحمەد دەشڵێت، لە گەرمیان بەهۆی بەستنی پێوەری زیرەکەوە بە رێژەیەکی زۆر بەفیڕۆچوونی کارەبا کەمبووەتەوە.

دەربارەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەردوو وێستگەی دوکان و دەربەندیخانیش باسی لەوەکرد، ساڵی رابردوو ٣٥٠ مێگاوات کارەبا لەو دوو وێستەگەیەدا بەرهەمدەهێنرا، بەڵام ئەمساڵ رێژەکە دابەزیوە بۆ ٧٠ مێگاوات کارەبا.

ئەگەرچی تەواوی کابینەکانی حکومەتی هەرێم بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی کارەبای هەرێمیان داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و گەرمادا کێشە و گرفت لە کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.