سەردێڕ:

شەڕەتەقە لە نێوان دوو دراوسێدا دروستبوو

فۆتۆ: 
2021-05-14

28127 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بنکەی پۆلیسی میقداد لە شاری کەرکوک رایگەیاند، شەوی رابردوو دووجار شەڕەتەقە لە نێوان دوو دراوسێ دروستبووە و پێنج برای ئەو دوو دراوسێیە لە شەڕەکەدا بەشدارییان کردووە و هەموویان دەستگیرکراون.


چاوگێک لە بنکەی پۆلیسی میقداد لە شاری کەرکوک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەکی غەرناتەی شاری کەرکوک لە نێوان دوو دراوسێدا شەڕەتەقە روویداوە و دوای ئەوەی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەقەکەرەکان براون بۆ بنکەی پۆلیس و بەڵێنی دووبارە نەبوونەوەیان داوە، بەڵام دوای هاتنەوەیان لە بنکەی پۆلیس جارێکی دیکە پێکدادان و شەڕەتەقە دروستبووەتەوە.

چاوگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای دووبارە بوونەوەی شەڕەکە پۆلیس سەرجەم تەقەکەرەکانی دەستگیرکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە شەڕی نێوان دوو دراوسێکەدا یەکێکیان سێ برای و کەسەکەی دیکەش دوو برای بەشدارییان کردووە و ئەوانیش دەستگیرکراون، بەڵام هیچ کەسێک گیانی لەدەستنەداوە و بریندار نەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزاندا، لە گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوک ماتورسکیلێک دەستڕێژی گوللـەی لە ژن و پیاوێک کرد و لەئەنجامدا ژنەکە گیانی لەدەستدا و پیاوەکەش برینداربوو، هاوکات، لە ناحیەی پردێ گرژی لە نێوان چەکدارانی حەشدی تورکمانی و سوپای عێراقدا دروستبوو و تەقەیەکی زۆریان بە ئاسماندا کرد.

دیار محەمەد، کەرکوک