سەردێڕ:

لە پردێ گرژی لە نێوان حەشدی تورکمانی و سوپای عێراقدا دروستبووە

فۆتۆ: 
2021-05-13

12809 جار خوێندراوەتەوە

لە پردێ گرژی لە نێوان حەشدی تورکمانی و سوپای عێراقدا دروستبووە دیار محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە کەرکوک رایگەیاند، لە ناحیەی پردێ گرژی لە نێوان چەکدارانی حەشدی تورکمانی و سوپای عێراقدا دروستبووە و تەقەیەکی زۆریان بە ئاسماندا کردووە.


دیار لەزاری سەرچاوەیەک لە پۆلیسی پردێوە باسی لەوەکرد، کە چەند دوکاندارێک قەدەغيی هاتوچۆیان شکاندووە و دوکانەکانیان کردووەتەوە، بەڵام سوپای عێراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە دوکانەکانیان دابخەن، ئەو دوکاندارانەش دوکانەکانیان دانەخستووە و چوونەتە لای حەشدی تورکمانی و شکاتیان کردووە.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ چوونی چەکدارانی حەشدی تورکمانی تەقەیەکی زۆریان بە ئاسماندا کردووە و بەهەمان شێوەش سوپای عێراق تەقەیان کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ئێستادا هێزێکی زۆر لە ناوچەکەدا بڵاوی پێکراوە.

لە پێشتردا لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی عێراق بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی پەیڕەو بکرێت، بەڵام سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە قەدەغي لە کاتژمێر ٩ی شەو بۆ ٥ی بەیانی پەیڕەو دەکرێت.