سەردێڕ:

باوکی گۆهدار زێباری بۆ ئێن ئاڕ تی: هیچ بەڵگەیەک لەسەر گۆهدار و هاوڕێکانی ئاشکرا نەکراوە و بابەتێکی سیاسی بێ مانایە

حەوت مانگە نە بینیویانە نە قسەیان لەگەڵ کردووە
فۆتۆ: 
2021-05-13

3632 جار خوێندراوەتەوە

باوکی گۆهدار زێباری بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەمە حەوت مانگە گۆهدارم نەبینیوە و تەلەفۆنم لەگەڵ نەکردووە، ئەمە گرفتێکی زۆر گەورەیە". دەشڵێت، "تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر گۆهدار و هاوڕێکانی ئاشکرا نەکراوە و بابەتێکی سیاسی بێ مانایە و هیچ شتێک نیە".


شەکێران زێباری  پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ئاکرێ لەیەکەم رۆژی جەژندا  سەردانی ماڵی رۆژنامەنووس  گۆهدار زێباری، یەکێک لە پێنج چالاکوانە دەستگیراوەکانی بادینانی لە گوندی  هەشتگا لە دەڤەری دینارتە کرد و هەریەک لە باوک و دایک و برایەکی بۆ ئێن ئاڕ تی دوان.

محەمەد ئەمین باوکی گۆهدار زێباری رایگەیاند، "داوا لە سەرۆکی حکومەت و رێکخراوە خێرخوازییەکان دەکەم دەستگیراوان ئازادبکەن و بگەڕێنرێنەوە بۆ ناو خانەوادەکانی خۆیان و لای دایک و باوکی خۆیان".

راشیگەیاند، تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر گۆهدار و هاوڕێکانی ئاشکرا نەکراوە و بابەتێکی سیاسی بێ مانایە و هیچ شتێک نیە.

دایکی گۆهدار رایگەیاند، داواکارم لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دەستگیرکراوان ئازاد بکەن.

وتیشی، "چوار پێنج مانگە قسەم لە گەڵ گوهدار نەکردووە. تەنانەت ئەمڕۆ کە جەژنە تەلەفۆنم لەگەڵی نەکردووە".

هاوکات، زیاد محەمەد برای گۆهدار ئاشکرای کرد، پێش جەژن سەردانی کردووە، بەڵام رێگەیاننەداوە بیبینن، تەنانەت ئەو جلو بەرگەی بۆشی بردووە رێگەیان نەداوە پێی بگات و پێی وتراوە لەناو زیندانەکە جلو بەرگ هەیە و پێویستی پێی نییە.

باسی لەوشکرد، "حەوت مانگە گۆهدارم نەبینیوە".

دەشڵێت، "داوکارم لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار  یاسا سەروەربێت". 

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.