سەردێڕ:

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش و پێشمەرگە ھەمان چەکیان پێیە

فۆتۆ: 
2021-05-12

3727 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەی ھێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، عێراق نایەوێت بۆشایی ئەمنی ناوچەدابڕاوەکان پڕبکرێتەوە، دەشڵێت، "داعش و پێشمەرگە ھەمان چەکیان پێیە."


مەردان چاوشین فەرماندەی میحوەری قەرەتەپەی ھێزەکانی پێشمەرگە لە تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، "ئەو چەکانەی داعش پێیەتی ھەمان ئەو چەکانەیە کە پێشمەرگە پێیەتی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ساڵ بەرەو ساڵ باشتر بوون دەچین."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە سنوری میحوەری قەرەتەپە تەنھا دوو کامێرای حەراریمان ھەیە، لەکاتێکدا لە ھەموو رەبایەکان پێویستمان بە کامێرای حەراری و چەکی باشتر ھەیە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، رێگریی ھەیە لەبەردەم حکومەتی ھەرێم بۆ کڕینی چەک و ناتوانێت راستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە بکڕێت، دەشڵێت، "ھێزی پێشمەرگە نەبوایە داعش ھەموو عێراقی داگیردەکرد."

مەردان چاوشین دەشڵێت، ھاوپەیمانان راستەوخۆ ھاوکاری ھێزەکانی ۷۰ و ٨۰ ناکەن، بەڵکو تەنیا ھاوکاری لیوا ھاوبەشەکان دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە چەکدارانی داعش دەستیان بە جموجوڵ کردووەتەوە و فەرماندەکانی پێشمەرگەش لە خۆرێکخستنەوەیان ھۆشداری دەدەن و داوا دەکەن بۆشاییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕبکرێتەوە.

شەوی رابردووش، لە سنوری ناحیەی زینانە چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە و بەوھۆیەوە، پێشمەرگەیەک شەھید بوو.