سەردێڕ:

مەسرور بارزانی: هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە هاندەری ئاشتەوایی و تەبایی

بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە
فۆتۆ: 
2021-05-12

2067 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، هیوادارە ئەم جەژنە ببێتە هاندەری ئاشتەوایی و تەبایی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم.


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، "بە بۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم  ."

دەشڵێت، "هیوادارم خوای دلۆڤان نزا و رۆژووی هەموولایەكی قبوڵ كردبێت و ئەم جەژنە، ببێتە مایەی خێر و خۆشی و کۆتاییهاتنی ناخۆشی و نەهامەتییەکان و هاندەری ئاشتەوایی و تەبایی بێت لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان."

مەسرور بارزانی داواش لە هاوڵاتیان دەکات، مەترسییەكانی كۆرۆنا بە هەند وەربگرن و پابەند بن بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.

دوێنێ لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێم مانگیان نەبینی و بەوەش ئەمڕۆ چوارشەممەیان کرد بە تەواوکەری مانگی رەمەزان و سبەینێ پێنجشەممەشیان بە یەکەم رۆژ جەژن دیاریکرد.