سەردێڕ:

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکان: نزیکەی ٢٥ ملیار دینارمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێویستە

فۆتۆ: 
2021-05-12

693 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێم، بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان وشکەساڵی تەواوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم بە روونی هەستی پێدەکرێت، دەشڵێت، "نزیکەی ٢٥ ملیار دینارمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی پێویستە."


ئەمڕۆچوارشەممە، ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەرهەمی دانەوێڵە و سەرچاوەکانی ئاو زۆر کەمیان کردووە و ئاستی بیرەکانیش زۆر دابەزیون.

راشیگەیاند، چەندەها بیری نایاسایی لێدراون و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروستکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئێمە پلانێکمان بۆ کەمکردنەوەی وشکەساڵی هەیە ئەگەرچی بن بڕی ناکات بەڵکو بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات، بەڵام پێویستی بە بودجە هەیە".

ئاماژەی بەوەشدا، "بە بۆچوونی من پێویستمان بە ٢٠ تا ٢٥ ملیار دینار هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکەساڵی".

باسی لەوەشکرد، وشکەساڵی کەمتر کاریگەری لەسەر شارەکان هەیە و کاریگەری زۆری لەسەر گوندەکان و شوێنە دوورە دەستەکان هەیە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئاری ئەحمد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەپێی راپۆرتی ساڵانەی بارانبارینی ئەمساڵ ٥٠٪ کەمتربووە بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و وشکەساڵی هەرێمی گرتووەتەوە.