سەردێڕ:

پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان لەگەڵ تیمی یۆنامی لە عێراق کۆبوونەوە

فۆتۆ: 
2021-05-12

1289 جار خوێندراوەتەوە

تیمی پارێزەرانی چالاکوان و دەستگیرکراوانی بادینان و بەڕێوبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤی تیمی یۆنامی لە عێراق رایانگەیاند، "خانەنشین بوونی یەکێک لە دادوەرەکان کارێکی نایاساییە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان  بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، قسەی ئەو پارێزەرەی کە لە کەناڵێکی ئاسمانی رایگەیاند، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان وتویەتی ویژدانی خۆم ئاسوودە دەکەم و دان بە هەموو شتێکدا دەنێم، رەتدەکەینەوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، باسیان لە کۆبوونەوەی ئەو چالاکوانانە کردووە لەگەڵ کونسوڵخانەکان و باسیشیان لەوە کردووە کە کونسوڵی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەو چالاکوانانە چووەتە گوندی دۆرێ لە دەڤەری بارزان.

ئەوەشی خستەڕوو، تیمی پارێزەرانی چالاکوان و دەستگیرکراوانی بادینان لەسەر داوای نوئێل کوتوتوا، بەڕێوبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤ لە عێراق لە یۆنامی، ئەم  کۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و ویستیان بە دوای ئەم کەیسەدا بچن.

هاوکات، ئەمڕۆ تیمی پارێزەرانی چالاکوان و دەستگیرکراوانی بادینان لەگەڵ بەڕێوبەری ئۆفیسی مافی مرۆڤی یۆنامی لە عێراق کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "خانەنشین بوونی یەکێک لە دادوەرەکان کارێکی نایاساییە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، نزیکەی حەوت مانگە چەند رۆژنامەنوس و چالاکوانێکی مەدەنی لە بادینان دەستبەسەرکراون، لە ١٦ی مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دادگایی کردنی پێنج لەوان بەڕێوەچوو و تیایدا دادگا بڕیاری سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ هەریەک لەوان دەرکرد.