سەردێڕ:

عەلی باپیر لەبارەی هەڵوێستی حکومەتی هەرێم: گۆزە هەرچی تێدابێت، هەر ئەوەی لێ دەڕژێت

فۆتۆ: 
2021-05-12

8684 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، "ئەو رۆژە دوورنابێت کە ئەم قەوارە زایۆنییە لە نیشتمانی ئیسلامییدا کۆتایی پێ بێت کە دەستی گرتووە بەسەر یەکەمین قیبلەی موسڵمانان و سێیەم حەڕەمی موسڵمانان کە مزگەوتی ئەقسایە".


عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆ سەر نوێژخوێنان لە مزگەوتی ئەقسا، رەخنەی توند لە وڵاتانی موسڵمان دەگرێت.

هاوکات، راشیدەگەیەنێت، کە دەبێت موسڵمانان زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئیسلامییەتی خۆیان، ئەگەر بیانەوێت زیاتر نیشانەی پرسیاریان نەکەوێتەسەر و زیاتر کەڕامەتیان نەوڕوشێت، پێویستە هەڵوێست وەربگرن.

ئەوەشدەخاتەڕوو، کە هەڵوێست وەرگرتن هەر ئەوەنیە کە ئیدانەی کردارەکە بکرێت، بەڵکو ئەگەر دەوڵەتانی عەرەبی شەهامەتیان هەیە ئەوا پەیوەندییەکانییان لەگەڵ قەوارەی زایۆنی هەڵپەسێرن و یارمەتی مەزڵوومە فەڵەستینییەکان بدەن.

سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل بۆسەر مزگەوتی ئەقسا لە فەڵەستین، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو،  "ئەوەی لەم مانگە روویدا، شتێکی نا لۆژیک بوو، خۆ کات قاتی نەبوو کە دەبێت هەر لەو کاتەدا کە منداڵەکان خەریکی تاعەت و عیبادەت بوون و بۆردوومانکرا، تا ئێستا شەهیدەکانی فەڵەستین بوونەتە ٢٨ کەس کە بەڕاستی شتێکی ناخۆشە ".

 لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەربازانی ئیسرائیل، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە پەندێکی کوردی وەڵام دەداتەوە کە دەڵێت 'گۆزە هەرچی تێدابێت، هەر ئەوەی لێ دەڕژێت' و، راشیدەگەیەنێت، " ئەوانەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبەن نێوانیان لەگەڵ خوای پەروەردگار زۆر بێهێزە یان هەر نیانە، پێیان وایە کە ئەگەر وا بکەن جوولەکە لێیان رازی دەبێت، ئەگەر جوولەکە لێیان رازی بێت ئەوا ئەمریکا خۆشیانی دەوێت، بەڵام دەرکەوت کە ئەوانە هەنگاوێکیان نا ئەمریکا لێیان رازی نەبوو، وەکو یاری مار و پەیژەکە، رەوانەی خاڵی سفری کردنەوە، دوایی بۆیان دەرکەوت کە نەخێر ئەمریکا هەرگیز کچی خۆی بەقوربانی کوڕی ئێمە ناکات"

دەشڵێت، ئەوانە بەس دڵسۆزن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەمریکا و ڵاتانی زلهێز لە راستیدا ئەو هەموو هێزەیان بۆ بە دونیادا بڵاوکردووەتەوە لە کاتێکدا بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی گەلان دەکەن.

گرژییەکانی ئەم جارەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین ماوەی چەند رۆژێکە لەسەر چەند خانوویەکی گەڕەکی شێخ جەڕاح دەستیان پێکردووەتەوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەی، بە بڕیاری دادگا داوا کراوە چوار ماڵ لەو گەڕەکە چۆڵبکرێن، عەرەبەکانی ئۆرشەلیم "قودس"یش دەڵێن لەسەر لاشەیان دەتوانن خانووەکانیان لێبسێنن.

شەوی ٩ی ئەم مانگەش نوێژخوێنان دوای ئەنجامدانی نوێژی تەراویح، دژی نیشتەجێکردنی جولەکەکان لە گەڕەکی شێخ جەڕاح خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزیی لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا زیاد لە ٢٠٠ فەلەستینی و نزیکەی ١٥ پۆلیسی ئیسرائیلیش برینداربوون.