سەردێڕ:

لە ٢٠٢٠ چین بە بەهای زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار لەگەڵ عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی کردووە

فۆتۆ: 
2021-05-05

710 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزخانەی چین لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عێراقدا لە ساڵی ٢٠٢٠ بەبەهای زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی کردووە، دەشڵێت، "چین زیاتر لە ٦٠ ملیۆن تۆن نەوتی لە عێراقەوە هاوردەکردووە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، خو چون راوێژکاری بازرگانی لە باڵیۆزخانەی چین لە بەغدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە رایگەیاند، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و چین لە ساڵی ٢٠٢٠ بریتی بووە لە ٣٠ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩ بریتیبووە لە ٥٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

راشیگەیاند، دابەزینی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەکە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوەبووە لە بازاڕەکانی جیهاندا.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی کاریگەرییەکانی کۆرۆنا هاوردەکردنی کاڵای چینی لەلایەن عێراقەوە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بۆ ١٠ ملیار و ٩٢٤ ملیۆن دۆلار، بەمەش بە ریژەی ١٥.٥% کەمیکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا حکومەتی چین بڕی ٤٢٢ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار بەرمیل کە دەکاتە "٦٠ ملیۆن و ١٢٠ هەزار تۆن" نەوتی بە زیادبوونی رێژەی ١٦.١% لە عێراقەوە هاوردەکردووە.

هاوکات، باسی لەوەشکرد، چین ١١% نەوتی خاوی پێویست لە عێراقەوە هاوردەدەکات، بەمەش عێراق سێەم وڵاتە کە چین نەوتیان لێوە هاوردەدەکات.