سەردێڕ:

حکومەتى هەرێم کۆبووەوە؛ بەڵام بودجەى هەرێمى پەسەند نەکرد

فۆتۆ: 
2021-05-05

1273 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەرچى بڕیاربوو حکومەتى هەرێم لە کۆبوونەوەى ئەمرۆیدا بودجەى هەرێم پەسەند بکات بەڵام تەنها گفتوگۆى لەسەر کرد و پەسەندکردنى بۆ کۆبوونەوەکانى داهاتوو دواخرا.


بەگوێرەى راگەیەنراوى فەرمانگەى میدیا و زانیاریی، ئەمڕۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆی دەربارەی ستراتیژیی نیشتمانیی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی کرد و پڕۆژە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد.

ئەوەش هاتووە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پڕۆژەی ستراتیژیی نیشتمانی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان، لەلایەن سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە روبەڕوبوونەوە و بنبڕکردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی کردەوە کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

باس لەوەشکراوە، دواتر وەزیرى پلاندانان راپۆرتێکی لە بارەی داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم و رێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران دوا ئامادەکارییەکانی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەى تاوتوێ کرد کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوو، پڕۆژەکە بچێتە قۆناغی پەسەندکردن لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمانی کوردستان.