سەردێڕ:

ئەمڕۆ برێت مەکگۆرک سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات

لەگەڵ بەرپرساندا کۆدەبێتەوە
فۆتۆ: 
2021-05-05

5908 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، دوای ئەوەی دوێنێ گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا کۆبوونەوە.


سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتى برێت مەکگۆرک سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و لەگەڵ سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتدا کۆببنەوە.

برێت مەکگۆرک لە دواى ریفراندۆمى ساڵى ٢٠١٧ەوە سەردانى هەرێمى کوردستانى نەکردووە، لە ئێستاشدا لە ئیدارەکەى جۆ بایدن پۆستی رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقای وەرگرتووە.

دوێنێش، نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، شاندێکی باڵای ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برێت مەکگۆرک گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەى عێراق کۆبوونەتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، هەردوولا پێداگرییانکردووە لەسەر چالاککردنی بڕیارەکانی رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا بەتایبەتی بابەتەکانی کشانەوەی سوپای ئەمریکا و پەرەپێدانی هاوکاری کردن و فراوانکردنی بواری بازرگانی و کلتوری و ئابوری.