سەردێڕ:

لە هەرێم نرخی ئاو کەمکرایەوە

فۆتۆ: 
2021-05-04

11058 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کەمکردنەوەی نرخی ئاوی خواردنەوەی بۆ هاوبەشەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و باس لەو هاوبەشانەش دەکات کە پێوەری ئاویان بەستووە.


ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە کوردستاندا هاتووەتە ئاراوە و بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی ئاویان داوە و دەشڵێت، "کەمکردنەوەی نرخی ئاو لەسەر هاوڵاتیان بەڕێژەی تا ٪٢٣ دەبێت."

لەبارەی وردەکاری کەمکردنەوەکەشەوە بۆ شوێنەکانی دیکە رایگەیاندووە، "بۆ شوێنەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە ١٥ مەتر سێجا تاوەکو ٣٠ مەتر سێجا نرخی هەر مەترێک ٣٠٠ دینار دەبێت کە پێشتر ٤٠٠ دینار وەردەرگیرا، لە ٣٠ مەتر بۆ ٦٠ مەتر سێجا ئاو بۆ هەر مەترێک ٤٥٠ دینار وەردەگیرێت کە پێشتر ٦٠٠ دینار وەردەگیرا، لە ٦٠ مەتر سێجا بەسەرەوە ئەگەر بەکاریان هێنا بۆ هەر لیترێک ٦٠٠ دینار وەردەگیرێت لەکاتێکدا پێشتر دوو هەزار دینار وەردەگیرا".

ئاری ئەحمەد دەربارەی شوێنە بازرگانی و تایبەت و گشتییەکان رایگەیاند، "بۆ پەرستگاکان و دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی نیمچە حکومی بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو ٤٠٠ دینار وەردەگیرێت، بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و وەبەرهێنان بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو ٦٠٠ دینار وەردەگیرێت، بۆ شوشتنگەکانی ئۆتۆمبێل و فەرشی ماڵان و ئوتووەکان بۆ هەر مەترێک سێجا ئاو بڕی هەزار دینار وەردەگیرێت کە بۆ ئەمانیش پێشتر دوو هەزار دینار بوو".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هاوبەشێکی ئاو لە ماڵەکەی خۆیدا واتە شوێنی نیشتەجێبوون بێت بڕی ٦٠ مەتر سێجا ئاو بەکاربهێنێت کە دەکاتە ٦٠ هەزار لیتر یان ٦٠ تانکی پێنج بەرمیلی ئاو کە لەزۆرینەی ماڵەکاندا هەیە بڕی ١٩ هەزار دینار و ٧٥٠ دیناری لێ وەردەگیرێت".

رووینیشیکردەوە، "بەپێی پێوەری ئاو لە ٤٥ هەزار دینار زیاتر پارە لە هیچ هاوبەشێکی ماڵان وەرناگیرێت، واتە ئەگەر هاوبەشێک کرێی ئاوی زیاتر لە ٤٥ هەزار دینار بۆ بێتەوە ئەوا کەمدەکرێتەوە بۆ ٤٥ هەزار دینار و تەنیا ئەوەندەی لێ وەردەگیرێت، ئەو هاوبەشانەش کە بەپێی رێنمایی پێشتر پارەی زیاتریان بۆ هاتبێتەوە بڕیارەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و بۆیان کەمدەکرێتەوە بۆ ٤٥ هەزار دینار، بەڵام ئەگەر کەسێک پارەکەی پێشتر دابێت ئەوا ئەوان قەرەبوو ناکرێنەوە".

ئاری ئەحمەد دەربارەی ئەو هاوبەشانەی کە تا ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە گوتی، "بەپێی داتاکان ئێستا ٪٦٢ی هاوبەشەکانمان پێوەریان بەستووە و تەنیا ٪٣٨ی ماون پێوەری ئاو ببەستن"، وتیشی، "بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە بەپێی رێنماییەکە بۆ ماڵ و شوێنەکانی نیشتەجێبوون بۆ یەک تاوەکو سێ مانگ بڕی ٨٠ هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت، پەرستگا و دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی نیمچە حکومی لە یەک تا سێ مانگ بڕی ١٠٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت، بۆ کەرتی بازرگانی بڕی ٢٠٠ هەزار دینار و بۆ شوشتنگەکان بڕی ٢٥٠ هەزار دیناریان لێ وەردەگیرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەشێکی هاوڵاتیان گرفتیان هەیە لەبارەی ئەوەی پێوەری زیرەکی ئاویان بۆ بەستراوە و پێوەرەکان هەندێک جار پارەیەکی زیاتر لە بڕی بەکارهێنان دەخوێنێتەوە.