سەردێڕ:

لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان: لەسەر چاکسازی چوار وەزیری حکومەتمان بانگهێشتکردووە

فۆتۆ: 
2021-05-04

2180 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، راپۆرتی دووەمیان سەبارەت بە یاسای چاکسازی لە حکومەتەوە پێگەیشتووە، دەشڵێت، چوار وەزیری حکومەتیان بانگکردووە بۆ روونکردنەوەى هەنگاوەکانى جێبەجێکردنى یاساکە.


زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەرچەندە پێشتر حکومەت بەڵێنی پێداون سێ مانگ جارێک لیژنەى باڵاى چاکسازی راپۆرتێکیان لەسەر چۆنیەتى جێبەجێکردنی یاساکە پێبدات، بەڵام راپۆرتەکە دواکەوتووە و ئەم مانگە لەبری راپۆرتی سێیەم، راپۆرتی دووەم گەیشتووە.

زیاد جەبار ئەوەشی خستەڕوو، لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردووەوە دەستکراوە بە یاسای چاکسازی و هەموو وەزارەتەکان هەنگاویان ناوە بۆ جێبەجێکردنى یاساکە.

لە ٢٦ی نیسانی ئەمساڵدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتی دووەمی لیژنەی باڵای چاكسازیی لەبارەی موچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی، رەوانەی پەرلەمان كرد.

پرۆژەیاسای چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دەرماڵە و ئیمتیازاتەكانی دیكە، لە خولی پێشووی پەرلەمان پەسەندكرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی خەڵك لە موچە و خانەنشینی پلەباڵاكان و كەمی موچەی خانەنشینی فەرمانبەران، پڕۆژەكە گەڕێنرایەوە بۆ حكومەت.