سەردێڕ:

بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە گوندێک لە قەزای ئامێدی چۆڵکرا

فۆتۆ: 
2021-05-04

2652 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆ سەر پەکەکە، گوندی کێستەی سەر بە قەزای ئامێدی چۆڵکرا.


لەلێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی، مەحمود کێستەیی موختاری گوندی کێستە باسی لەوەکرد، بەهۆی شەڕ و بۆردومانی بەردەوامی سوپای تورکیاوە لە ناوچەی بەرواری باڵا، دانیشتووانی گوندی کێستە، بڕیاری چۆڵکردنی گوندەکەیان داوە.

موختاری گوندی کێستە ئاماژەی بەوەشکرد، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی بۆردومانی سوپای تورکیا، کە لەدەوروبەری گوندی بوجارا، دانیشتووانی گوندی کێستە، بڕیاریاندا گوندەکەیان چۆڵبکەن، مەحمود کێستەیی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەگوندەکەدا نزیکەی ١٥ ماڵ هەبووە و هەندێکیان چوونەتە کۆمەڵگای بێگۆڤا، هەندێکیان چوونەتە زاخۆ.

دەشڵێت، ئەمە لە ئەنجامی تۆپبارانی بەردەوامی تورکیایە بۆ نزیکی گوندەکەیان، بەوهۆیەشەوە ئاگر لە پشتەوەی گوندەکە کەوتووەتەوە و بەشێکی دارستانەکەشی سوتاندووە.  

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ٢٣ی مانگی رابردووەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سەری زنارا کێستە دەسپێکردووە و تائێستاش، چەندین جار ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی بۆردومان کردووە.

نیهاد ئورەماری/ ئامێدیێ