سەردێڕ:

​کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان داوایەک لە نێچیرڤان بارزانی دەکەن

فۆتۆ: 
2021-05-04

9135 جار خوێندراوەتەوە

کەسوکاری زیندانیکراوانی بادینان کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیان لەگەڵ رێکخراوی CPT ئەنجامدا و داوایان لە دادگای تێهەڵچوونەوە کرد سەربەخۆ بن و بڕیارێکی دادپەروەرانە لەبارەیەوە بدەن، هاوکات، داوایەکیشیان لە سەرۆکی هەرێم کردووە.


کەسوکاری زیندانیکراوان ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەوان چاوەڕێی ئازادکردنی گیراوەکان بوو نەك پەسەندکردنی سزاکەیان، ئەوەشیان خستەڕوو، "وەکو بێستومانە دوو دادوەر ناڕازی بوون و ئەوان هیچ تاوانێکیان نییە تەنیا داوای مافی خەڵکیان کردووە"، داواش لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دەکەن بڕیاری پێویست لەو بارەوە بدات.

هاوکات، نوێنەری رێکخراوی CPT رایگەیاند، دوێنێ کە رۆژی ئازادی رادەبڕین بوو، ئەمڕۆ ساڵیادی رفاندنی سەردەشت عوسمان و هەواڵی سەپاندنی سزای زیندانییە بەسەر گیراوانی بادیناندا، باسی وەشکرد، لە ١٦ی شوباتی ئەمساڵ، بە بیستینی هەواڵی بڕیاری زیندانیکردنی گیراوانی بادینان توشی شۆک بوون.

راشیگەیاند، ئەوەی ئەوان تێبینیان کرووە لە هیچ دادگەیەکی دیکەدا نەبووە و ئەو جۆرە دادگاییە رەتدەکەنەوە، دەشڵێت، چەند رۆژێك بەر لە دادگایی مەسرور بارزانی بانگەشەی سیخوڕبوونی ئەو گیراوانی دەکرد و بڕیاری دادگاش هەر هەمان شت بوو.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە دادگای هەولێر دادگایی پێنج رۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینان بەڕێوەچوو، کە تیایدا بەپێی هەردوو ماددەی ١ی ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ تایبەت بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی سزای شەش ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا.