سەردێڕ:

یەکەم رۆژی جەژن دیاریکرا

فۆتۆ: 
2021-05-04

50630 جار خوێندراوەتەوە

ناوەندی فەلەکناسی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ١٣ی ئەم مانگە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت.


ئاماژەی بەوەشداوە، لە رۆژی ١١ی ئایاردا زۆربەی وڵاتان بەدوای دەرکەوتنی مانگی شەوالدا دەگەڕێن، بەڵام بەدیکردنی ئەستەم دەبێت لە زۆربەی وڵاتە ئیسلامیەکاندا، ئەوەشی خستەڕوو، ئێوارەی دواتر کە دەکاتە ١٢ی ئایار مانگی شەوال بە تەلەسکۆب بەدیدەکرێت لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبی و ئەوروپیەکان.

باسی لەوەشکردووە، چاوەڕاواندەکرێت رۆژی جەژن بکەوێتە رۆژی پێنجشەممە ١٣ی ئەم مانگە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا و لەوانەشە لە چەند وڵاتێکی وەکو پاکستان و برۆنای لە رۆژی هەیینی جەژن بکەن.

ئەمە لەکاتێدایە، لە کۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، پەیمانگای گەردونناسی میسری ئاشکرایکرد، مانگی شەوال بەتەواوەتی لە کاتژمێر ٩ی شەوی ١٢ی مانگی ئایاری داهاتوو نوێدەبێتەوە و بەوەش مانگی رەمەزان ٣٠ رۆژ دەبێت و جەژن دەکەوێتە رێکەوتی ١٣ی ئایاری ئەمساڵ.

رۆژمێری کۆچی کە تایبەتە بە مسوڵمانان، بەپێی نوێبوونەوە و دەرکەوتنی مانگ، مانگەکانی ساڵ دیاریدەکرێت کە لە لایەن عومەری کوڕی خەتاب، جێنشینی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) داهێنراوە.

مانگەکانى ساڵنامەى کۆچی جیاواز لە ساڵنامەى زایینى، ساڵانە گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و هەر مانگێک نزیکەى ١٠ رۆژ پێش دەکەوێت بە بەراورد بە ساڵى پێشوو، بەجۆرێک هەموو مانگەکان دەتوانرێت لەگەڵ هەموو وەزرەکاندا هاوکات بێت و لەو چوارچێوەیەشدا مانگى رەمەزان هەر چەند ساڵ جارێک لەگەڵ وەرزێکدا دێت.