سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. عەبدولـلەتیف سەلەفی فەتوایەکی 'جیاواز' دەردەکات

فۆتۆ: 
2021-05-03

204814 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا، عەبدولـلەتیف سەلەفی لە فەتوایەکیدا بە ژنێکی وت، "ئەگەر هاوسەرەکەت نوێژناکات و لەسەر ئەوە بەردەوامە ئەوا لێی جیاببەرەوە"، بەڵام لە نوێترین فەتوایدا بە ژنێکی دیکە دەڵێت، "ئەگەر جیابوونەوەتان فیتنەی لێدەکەوێتەوە ئەوا ئارام بگرە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلای خۆتە."


دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ژنێک پەیوەندی دەکات و دەپرسێت، "هاوسەرەکەم زۆر بە کەمی نوێژ دەکات و بە رۆژووش نابێت من پێویستە چی بکەم؟" عەبدولـلەتیف سەلەفی رابەری رەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستاندا لە وەڵامیدا دەڵێت، "کاری ئافرەتێک کە لەگەڵ پیاوێکدایە کە نوێژناکات ئەوەیە هانی بدات و بۆی روونبکاتەوە و بەرەو چاکە بیبات و رێگە راستەکەی نیشانبدات و ئەگەر زانی ئومێدی تیادا نییە، بەڵام جیابوونەوەیان بەرەو فیتنەیەکی دیکە سەر دەکرێشێت ئەوا با ئارام بگرێت."

عەبدولـلەتیف سەلەفی دەشڵێت، "سەرەڕای ئەوانەش بڕیاری کۆتایی لەلای خۆت دەبێت."

باسی لەوەشکردووە، "بەڵام ئەگەر کچێکیت کە داخوازییەکت هاتووە کە نوێژناکات، من و زانایانی ئاینی و خوداش پێت دەڵێین کە هاوسەرگیری لەگەڵدا مەکە."

ئەم فەتوا نوێیەی عەبدولـلەتیف سەلەفی لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا و لە وەڵامی ژنێکی دیکەدا کە هەمان پرسیاری کردبوو، وتبووی، "بۆ نوێژکردنی ئامۆژگاری هاوسەرەکەت بکە، ئەگەر بە قسەی نەکردی لێی جیاببەرەوە"، ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.