سەردێڕ:

گرنگترین مەترسییە سەربازییەکانی ئێران بۆ سەر ئەمریکا ئاشکرا کران

فۆتۆ: 
2021-05-03

2189 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکی لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا لەبارەی ئەو هەڕەشانەی روبەڕوی وڵاتەکەیان دەبێتەوە لەسەر ئاستی جیهانی، ئێرانی بە سەرەکیترین مەترسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەستنیشانکردووە.


راپۆرتەکە، توانا سەربازیی و ئەو تۆڕە فراوانەی ئێران هەیەتی لە ناوچەکەدا و لە رێگەی بریکار و لایەن و گروپە چەکدارییەکانی نزیک لێیەوە توانا و ئامادەیی پێداوە هێز لە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی  بەکاربهێنێت.

راپۆرتەکە بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەریەک لە دەزگای ناوەندی هەواڵگری ئەمریکا (CIA) و نوسینگەی لێکۆڵینەوەکانی فیدڕاڵی (FBI)  ئاماژەی بەوەداوە، لە ئێستادا ئێران هەوڵدەدات خۆی بە دووربگرێت لە ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دەیەوێت هەڵسەنگاندن بۆ ئاراستەی سیاسەتی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئێران بکات.

لە راپۆرتەکەی لیژنەی هەواڵگری لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکدا، هەریەک لە روسیا و چینی بە دوو رکابەری سەرەکی ئەمریکا لە بواری سەربازی ناودەبات، کە هەوڵدەدەن سوپاکانیان جیاکاری زیاتریان لە سوپای ئەو وڵاتە هەبێت یان هەوڵبدەن تواناکانی سنورداربکەن، سەرەڕای ئەوەی ئاماژەی بە هەڕەشەکانی کۆریای باکوریش کردووە.

بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر زیادبوونی ژمارەی موشەکە بالیستییەکان و موشەکی کروز و زۆربوونی حەشارگەی چەکە ئەتۆمییەکان و هێزی مۆدێرن و پێشکەوتوو و جەنگکردن بە کرێ و گەمەکردن بە زانیارییەکان و هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و رقی ئابوری.

 

گرنگترین هاوبەشەکانی ئێران

 

لەو بەشە سەرەکییەی راپۆرتەکە کە بۆ ئێران تەرخانکراوە، ئاماژە بە گرنگترین هاوپەیمانەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا کراوە و تیایدا هاتووە، "لەگەڵ بەرەوپێشچوونی ناکۆکییەکان لە سوریا وعێراق، ئێران سەرنجی خستووەتە سەر هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی  توانای هاوبەشەکانی لە پێناو پاراستنی قوڵایی ستراتیژیی و بژاردەکانی بەردەمی بۆ روبەڕوبونەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل".

راپۆرتەکە، ئاماژەی بە حزبوڵای لوبنانی کردووە وەک دووەم گرنگترین هاوبەشی ئێران لە ناوچەکە، "ئێران لە رێگەی یارمەتیدانی چەک و هێزی سەربازی و بەرزکردنەوەی تواناکانی گروپە چەکدارە هەرێمایەتییەکان خۆی وەک سەرەکیترین پاڵپشتی حزبوڵا پیشاندەدات".

لە یەمەن ئێران بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی حوسییەکان بە چەک و ناردنی راوێژکارە سەربازییەکانی بۆ ئەو وڵاتە لە پێناو ئاسانکردنی هێرشە ئاڵۆز و ماوە درێژەکانی لەگەڵ سعودییە.

دیارترین ئەو لایەنانەی چەک بۆ ئێران دابین دەکەن

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، "لە بواری چەکدا ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی هاوکاری لەگەڵ روسیا و چین و کۆریای باکوردا هەیە، کە بریتیە لە کڕینی چەک لەو وڵاتانە، بەشێوەیەکی سەرەکیتر و بە تایبەت روسیا، بەڵام کەمتر لەگەڵ چین".

لە کۆتاییدا راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، پێشببنی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا و بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، سەرکردەکانی ئەو وڵاتە خۆیان لە بێزارکردن و توڕەکردنی واشنتن و بەرتەسکرکردنەوەی پەیوەندییە دیبلۆماتییەکانی لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە  بپارێزن.