سەردێڕ:

لە هەولێر چەند لاپەڕەیەکی قورئان دڕێنرا و کاردانەوەی 'توندی' یەکێتی زانایانی ئیسلامی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2021-04-23

34144 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو گرتەڤیدیۆییەک بڵاوکرایەوە کە تیایدا دەردەکەوێت، دوای ئەوەی چەند لاپەڕەیەکی قورئان دڕێنرابوو، ژنێک لاپەڕە قورئانەکانی لەسەر زەوی هەڵدەگرتەوە و لەسەر ئەو بابەتە و لەیەکەم کاردانەوەدا، لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "ئیهانە بە کەلامی خودا کراوە."


رەعد ئۆمەربلی وتەبێژی لقی هەولێری یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر دڕاندنی چەند لاپەڕەیەکی قورئان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "تاوانێکی گەورە کراوە و ئیهانە بە کەلامی خودا کراوە."

رەعد ئۆمەربلی ئەوەشی خستووەتەڕوو، زۆر جاری دیکەش ئەمە روویداوە، بەڵام چەند حاڵەتیکیان لە دەرەوەی وڵات بوون، بەڵام ئەمجارەیان لە ناو هەولێردا روویداوە."

باسی لەوەشکردووە، "متمانەمان بە لایەنە ئەمنییەکانی هەولێر هەیە بکەرەکە دەستگیربکەن و بدرێت بە دادگا"، دەشڵێت، "ئەو کەسانە پێویستە بە توندترین شێوە سزابدرێن تا دووبارە نەبێتەوە."

قورئان؛ بە پەڕتوکی پیرۆزی مسوڵمانان دادەنرێت و لە رێگەی سروشەوە بۆ پەیامبەری ئیسلام (د.خ) لە ماوەی ٢٣ ساڵدا و لە ساڵانی ٦٠٩ بۆ ٦٣٢ی زایینی دابەزیوە، هاوکات، لە ٣٠ بەش و ١١٤ سورەت پێکهاتووە.