سەردێڕ:

فایزەر: لەم دوو وڵاتەدا ڤاکسینەکەمان ساختەکراوە

فۆتۆ: 
2021-04-23

12413 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی لە زاری کۆمپانیای فایزەرەوە بڵاویکردەوە، لە هەریەک لە وڵاتانی پۆڵەندا و مەکسیك ژمارەیەك لە ڤاکسینەکەیان ساختەکراوە.


ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی لە زاری کۆمپانیای دەرمانی فایزەرەوە بڵاویکردەوە، ژماریەك لە ڤاکسینەکانی ئەو کۆمپانیایە لە پۆڵەندا و مەکسیک ساختەکراون، ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو ڤاکسینانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە و دوای تاقیکردنەوە دەرکەتووە ساختەن.

لەلای خۆشییەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری لە ڤاکسینی ساختەدا و بە مەترسییەکی جددی بۆ سەر تەندروستی گشتی ناوزەندی کرد.

تەندروستی جیهانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، نزیکەی ٨٠ کەس لە مەکسیک ئەو ڤاکسینە ساختەیەیان وەرگرتووە و تا ئێستا دووچاری هیچ زیانێکی تەندروستی نەبوونەتەوە.

هاوکات، گۆڤاری وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەکردووە، هیچ کەسێك لە پۆڵەندا ڤاکسینە ساخیەکەی وەرنەگرتووە، دەشڵیت، داواکارییەکی جیهانی لەسەر ڤاکسین هەیە بەوهۆیەوە خەڵکێکی زۆر ئەو هەلە دەقۆزنەوە ساختەی دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، هەریەك لە کۆمپانیای فایزەر-بایۆنتیك رایانگەیاند، ڤاکسینێکیان پەرەپێداوە و کاریگەریەکەی ٩٥% و نرخەکەی ٢٠ بۆ ٤٠ دۆلاری ئەمریکییە.

لە ماوەی رابردووشدا، ڤاکسینی فایزەر هاتە عێراق و دواتر رەوانەی هەرێمیش کرا، بەڵام هەر زوو لە بەشێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمدا نەما و رۆژی چوارشەممەش، ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، ڤاکسینی فایزەر لە هەرێمەوە بۆ ئێران دەڕوات و بۆ بەڵگەی ئەوەش گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاوکردەوە، لە بەرامبەردا، وەزارەتی تەندروستی هەرێم رەتیکردەوە.