سەردێڕ:

لەم مانگەدا عێراق یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژەمە ڤاکسینی دیکە وەردەگرێت

فۆتۆ: 
2021-04-18

2801 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەرگرتنی یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ژەمە ڤاکسینی دیکە، دەشڵێت، "رۆژانە سەدان هاوڵاتی لەسەرجەم پارێزگاکاندا لە پێناو پاراستنی خۆیان ڤاکسین وەردەگرن".


حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا چەند کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا کە بریتیە لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار ژەم و لە رێگەی بەرنامەی کۆڤاکسی نێودەوڵەتییەوە دابینکراوە دەگاتە عێراق.

ئاماژەی بەوەشدا، هەفتانە هەردوو ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی و سینۆرفامی چینی ئامادە دەکرێت، هاوکات، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا ٢٠٠ هەزار ژەم ڤاکسینی سینۆفارم بەسەر سەرجەم بنکەکانی پێدانی ڤاکسین لە هەموو پارێزگاکاندا دابەشکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانە سەدان هاوڵاتی لە پێناو خۆپارێزیان ڤاکسین وەردەگرن و تا ئێستاش ٢١٥ هەزار هاوڵاتی خۆیان تۆمارکردووە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.

هاوکات، ریاز عەبدولئەمیر حیلفی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی عێراق ئاشکرایکرد، وەزارەتی تەندروستی لە هەوڵدایە گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر واژۆبکات بۆ زیادکردنی بڕی ڤاکسین بۆ شەش ملیۆن ژەم.

وتیشی، عێراق ٢٥ هەزار ژەمی نوێ لە ڤاکسینی فایزەر وەردەگرێت، ئەو رێژەیەی کۆمپانیاکە دەینێرێت رێژەیەکی دیاریکراو نییە.

ئەمە لەکاتێکدا، لەچەند رۆژی رابردوو زیاتر لە ٤٩ هەزار ژەمە ڤاکسینی فایزەری پێگەیشت، هاوکات، هەریەک لە ڤاکسینەکانی ئیسترازینیکای بەریتانی- سویدی و سینۆفارمی چینیش بەکار دەهێندرێن.







‌بەپەلە