سەردێڕ:

ئایا عێراق لە لیسیتی وڵاتانی مەترسیداردا ماوە بۆ سپیکردنەوەی پارە؟

فۆتۆ: 
2021-04-18

1329 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەیان لە لیستى بەریتانیا بۆ وڵاتانى مەترسیدار لە پرسی سپیکردنەوەی پارەدا نەماوە.


بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، بە هەوڵی بانکەکە و نوسینگەی روبەڕوبوونەوەى سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی 'تیرۆر'، خەزێنەی بەریتانیا ناوی عێراقی دەرهێناوە لە لیستی ئەو وڵاتانەی کە ترسی سپیکردنەوەی پاریەیان لەسەرە.

بانکی ناوەندی باسی لەوەشکردووە، لەبەرامبەردا عێراق پابەندی خۆی بە جێبەجێکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکانەوە دووپاتکردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، دانەنانی ناوی عێراق لە لیستی مەترسی جیهانی لەسەر سپیکردنەوەی دراو هەنگاوێکی ئەرێنییە و کاری بازرگانی و هاتنە ناوەوەی کۆمپانیاکانی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و بەریتانیا ئاسانتر دەکات جگە لە هاوکاریکردن وهەماهەنگیکردنی کەرتی دارایی وبانکی لە نێوان هەردوولادا.

سپیکردنەوەی پارە سزای یاسایی قورسی هەیە، چونکە کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئابوری وڵات، بەتایبەت لەو وڵاتانەی ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، دەتوانن بە ئاسانی ئەو پارانە لە پرۆژەگشتییەکاندا لە سودی خۆیان بخەنەگەڕ و زۆر بە ئاسانی سەرچاوەکەی بشارنەوە.