سەردێڕ:

لەسەر قەنەفە کڕین؛ کەسێک تەقەی کرد و دەستگیرکرا

لە ھەولێر
فۆتۆ: 
2021-04-18

11934 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، شەوی رابردوو لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی قەنەفە کەسێک تەقەی کرد و دواتر دەستگیرکرا.


ھۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی رابردوو کڕیار و فرۆشیارێک لە بازاڕی سید مستەفا لەسەر مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەلی ناوماڵ توشی دەمەقالێ بوون، لە ئەنجامدا لایەنێک هەڵسا بە تەقەکردن.

ھۆگر عەزیز ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەھۆی تەقەکردنەکەوە هیچ کەسێک زامدار نەبوو و پۆلیس توانییان تۆمەتبارێک بە ناوی (ئـ.م.ص) دەستگیر بکەن كە تەقەیکردبوو.

باسی لەوەشکردووە، هەردوو لایەن لە نێوان خۆیاندا ئاشت بوونەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی تەقەکردن مافی گشتی دەیگرێتەوە، پەراوی بۆ رێکخرا و رەوانەی دادگا کراوە بۆ وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە.

ئاستی رووداوەکانی تەقەکردن تاڕادەیەک لە ھەرێمی کوردستاندا بەرزە و هاوڵاتیانیش نیگەرانی ئەوەن، کە چەک لای کەسانی ئاسایی هەیە و هەندێک کەسیش بەبێ مۆڵەت چەک ھەڵدەگرن یان ئەو کەسانەشی مۆڵەتی چەک ھەڵگرتنیان ھەیە جگە لە کاتی ئەرکی فەرمییان چەک بەکاردەھێنن بۆ ئەو دۆخەش، حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار دەزانن.






‌بەپەلە