سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمەریکا: سیاسەتی ئەوپەڕی فشار لە دژی ئێران کۆتایی هاتووە

فۆتۆ: 
2021-04-17

2095 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، سیاسەتی ئەوپەڕی فشار دژی ئێران کۆتایی هاتووە، دەشڵێت، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنە ناوکیەکە، بەڵام مەرجەکانی تاران بە قبوڵ نەکراو دەزانن.


جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا باسی لەوەشکرد، ئێران دەستیکردووە بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانۆم بە رێژەی ٦٠٪ ئەوەش هەڵوەشانەوەیەکی نوێی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانە و بە هیچ شێوەیەک یارمەتی شکاندنی ئەو دۆخە چەقبەستوە نادات.

لە پاش هێرشەکەی دەزگای هەواڵگری مۆساد بۆ سەر ناوەندێکی ئەتۆمی ئێران، ئەو وڵاتە بڕیاریدا رێژەی پیتاندنی یۆرانێۆم بۆ ٦٠٪ بەرزبکاتەوە، بەشێک لە چاودێرانیش دەڵێن، پێدەچێت ئەو بڕیارە ببێتە لەمپەر لەبەردەم گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنە ئەتۆمیەکەی ئێران.

رێککەوتنامەی JCPA کە بە رێککەوتنامەی (ئەتۆم)ی ناسراوە و لە ١٤ی تەمموزی ٢٠١٥، لە ڤییەننای پایتەختی نەمسا لە نێوان هەریەک لە چین، فەڕەنسا، روسیا، بەریتانیا، ئەمریکا، ئەڵمانیا لەلایەک و ئێرانیش لەلایەکی ترەوە واژۆکرا، ئامانج لە رێککەوتنەکەش سنوردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بەرهەمهێانی چەکی ئەتۆم بوو لەلایەن ئێرانەوە.

لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ـدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشێوەیەکی یەکلایەننانە کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران راگەیاند و چەندین سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند.

لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنامەکە و سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا لەلایەن ترەمپەوە، ئێران بەشێکی زۆری بەندەکانی رێککەوتننامەکەی شکاند، بەڵام دەسەڵاتدارانی تاران رایانگەیاندووە، ئێران پابەند دەبێت بەسەرجەم بەندەکانی رێککەوتنەکەوە ئەگەر واشنتن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت.