سەردێڕ:

کۆمەڵەی کوردستانی ئێران: هێزەئەمنییەکانی هەرێم بە تۆمەتی سیخوڕی پێشمەرگەیەکمانیان دەسبەسەرکردووە

فۆتۆ: 
2021-04-17

3831 جار خوێندراوەتەوە

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، پێشمەرگەیەکمان لەلایەن هێزەئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بە تۆمەتی 'سیخوڕی' دەسبەسەرکراوە.


سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، "رۆژی ۱۳ی ئەم مانگە، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بەناوی سمکۆ بەنەفشی لەسلێمانی لەلایەن هێزهئەمنيەكانەوه به تۆمەتی ئەمنی دەستبەسەر کراوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەر لەدوای ئاگادار بوون لەلایەن بەشی ئەمنییەتی کۆمەڵە، لێکۆڵینەوەکان دەربارەی ئەم کەیسە دەستیپێکرد و سەرئەنجام دوای لێکۆڵینەوەكان دەركەوت کە ناوبراو بەتۆمەتی سیخوڕی لە لایەن یەکێک لەهێزە ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستبەسەرکراوە."

باسی لەوەشکراوە، کۆمەڵە سوپاسی لایەنە ئەمنی و دادوەریەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارکردنەوەی کەیسی ناوبراو دەکات و چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکان و بڕیاری دادگایە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ زوهرە عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پاش ئەوی بۆ ماوەی پێنج رۆژە بێ سەروشوێن بوو، ئەمڕۆ لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە سلێمانی ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە.