سەردێڕ:

ئەمریکا ڤاکسینێکی تایبەت بۆ بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێم دەنێرێت

فۆتۆ: 
2021-04-17

21347 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، ئەمریكا ڤاكسینێكی تایبەت رەوانەی هەرێمی كوردستان دەکات و دەدرێت بە لیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.


رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارە لەلایەن ئەمریكاوە ڤاكسینی جۆنسۆن بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و بدرێتە هێزە هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە.

باسی لەوەشكردووە، ئەو ڤاكسینەی رەوانە دەكرێت ٣١ هەزار ژەمە ڤاكسینە و بەتایبەت بۆ هێزە هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، دەشڵێت، نادرێتە هیچ كەسێكی دیكە و وەرگرتنی ڤاكسینەكەش تەنها یەک ژەمە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ ڤاکسینێکی نەکڕیوە بەڵکو تەنیا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی پارێزگاکانی وڵاتدا بۆی نێردراوە و ١٥ی ئەم مانگەش، بریکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، هەوڵی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەدەن و لەگەڵ کۆمپانیای سینۆفارمی چینیدا سەرقاڵی گفتوگۆن.

هەفتەی رابردووش، عێراق نزیکەی ٥٠ هەزار ڤاکسینی فایزەری ئەمریکی و دواتر ڤاکسینەکە گەشتە هەرێمیش بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی تەوابوونی ڤاکسینە ئەمریکییەکەوە سەنتەرێکی وەرگرتنی ڤاکسین لە هەولێر داخرا.