سەردێڕ:

پێنج رۆژە پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی ئێران بێ سەروشوێنە

فۆتۆ: 
2021-04-17

3361 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕتی رایگەیاند، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران پاش ئەوی بۆ ماوەی پێنج رۆژە بێ سەروشوێن بوو، ئەمڕۆ لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود ئۆتۆمبێلەکەی دۆزرایەوە.


ئەمڕۆ شەممە، زوهرە عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند،  پێشمەرگەکە ناوی "سمکۆ بەنەفشی"یە و تەمەنی ٣٥ ساڵە و خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بنەماڵەکەی، رۆژی سێشەممەی رابردوو کاتژمێر١٠ی بەیانی لە بارەگای کۆمەڵە هاتۆتە دەرەوە و بەسەردانێک هاتووەتە ناو شاری سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەس و کارەکەی ئاماژە بەوەدەدەن دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لە بازنەی مەلیک مەحمود لە قەراغ شەقامەکە و نەبوونی هیچ شوێنەواری فیشەک و بەرکەوتن، ئاماژەیە "سمکۆ" رفێندراوە

هاوکات، دەشڵێن، ئاسایشیان لە روداوەکە ئاگادار کردووەتەوە. بەڵام پێیان راگەیاندون کە هیچ زانیارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە.

ئەوەشیان خستەڕوو، کە نیگەرانن لەوەی لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی و لەسەر شەقامی سەرەکی بازنەی مەلیک مەحمود و نزیک لە بەنزینخانەی سارا لەسەر شەقامەکە کە شەقامێکی سەرەکی و قەرەباڵغە ونزیکە لەگەڕەکی چوارچرا، دەبوو کامێرای چاودێری شەقامەکە روداوەکەیان تۆمار بکرادایە.

 

 

 

 

باسیان لەوەشکردووە، ئاسایش دەڵێن، ئەگەر چی دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی روداوەکەوە دەست نەکەوتووە.

تا ئێستا، بەشێوەیەکی فەرمی  نە ئاسایشی شاری سلێمانی و نە پۆلیسی شارەکە هیچ لێدوانێکیان لەبارەی روداوەکەوە نەداوە.