سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەت وەڵامی راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای دایەوە

فۆتۆ: 
2021-04-16

8449 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەڵامی راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دایەوە و رایگەیاند، "ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە کە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی هەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش."


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم وەڵامی راگەیاندراوەکەی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپای لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر دایەوە و تیایدا هاتووە، "پێشوازی لە هەڵوێستی دۆست و هاوبەشانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەم کە بە کۆی دەنگ سەرکۆنەی هێرشی ئەم دواییەی هەولێریان کرد، ئێمە ئامانجێکی هاوبەشمان هەیە کە پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی هەموو خەڵکی عێراق و سەرکەوتنە لە شەڕی دژ بە داعش."

ئەوەش لە کاتێکدایە، کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ئێمە، حکومەتەکانی فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە توندترین شێوە ئیدانەی ھێرشەکانی ١٤ی ئەم مانگە دەکەین کە لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدران."

ئاماژە بەوەشكراوە، "پێکەوە لە رێی حکومەتەکانمانەوە پشتیوانی لە لێکۆلینەوەکانی حکومەتی عێراق دەکەین لە بارەی ھێرشەکان بۆ دڵنییایدان کە ئەوانەی ھێرشەکانیان ئەنجامداوە بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر کارەکانیاندا، ئێمە لە تێروانینمان یەکگرتووین لەسەر ئەوەی کە ھێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان و دامودەزگاکان قبوڵ ناکرێت و دووبارە جەخت لە پابەندبوونی نەگۆری خۆمان لە جەنگان دژی داعش دەکەینەوە."

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، لەرێگەی فرۆکەی بیفرۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر فرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر.

هەتاوەکو ئیستا هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی خۆی لەهیرشەکەی سەر فرۆکەخانەی هەولێر رانەگەیاندووە.

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه." 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."