سەردێڕ:

کەناڵێكی ئێرانی بەهۆی ناوبژیوانەوە ١٠٠ جار پەخشی یارییەكی راگرت

فۆتۆ: 
2021-04-16

13187 جار خوێندراوەتەوە

کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی حکومەتی ئێران، بەهۆی پیشاندانی یاریدەدەرێكی ناوبژیوانی ژن، زیاتر لە ١٠٠ جار پەخشی راستەوخۆی یاری تۆتنهام و مانچستەر یونایتد لە یاریی لوتکەی هەفتەی ٣١ی پریمەرلیگدا راگرتووە.


رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بەریتانی بڵاویکردەوە، ستافی ناوبژیوانانی یارییەكەی تۆتنهام و مان یونایتد، خانمێكی تێدابوو، كە ناوبژیوانی سەر هێڵەكانی نێو یاریگا بوو، پاڵەوانی رووداوە سەیرو سەمەرەكەی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بوو.

ئاماژەى بەوەشکردووە، کەناڵی تەلەفزیۆنی فەرمی حکومەتی ئێران، زیاتر لە سەد جار پەخشی ئەو یاریە ببڕیوە، بۆ ئەوەی خۆی لە نیشاندانی قاچە رووتەکانی ئەو خانمە ناوبژیوانە بپارێزێت.

باسی لەوەشکردووە، کەناڵەکە، لە بری پیشاندانی دیمەنی راستەوخۆی یارییەکە، وێنەیەکی یاریگای تۆتنهام و شەقامەكانی پشتەوەی یاریگاكەی بەبینەرانی پیشان دەدا، لە پێناو خۆلادان لە دەرکەوتنی ئەو خانمە ناوبژیوانە، كە جل و بەرگەكانی هاوشێوەی ناوبژیوانانی پیاو بوو، كە بۆ یارییەكان دەیپۆشن، ئەم هەڵسوکەوتە بوە هۆی ئەوەی شەپۆلێکی سەرسوڕمان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست بكات.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستەوەتەڕوو، هیوادارن بینەری ئێرانی چێژ لە نمایشی جوگرافیا وەرگرن، بە ئاماژەکردن بە وێنەی یاریگاکە.

دەسەڵاتدارانی ئێران بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە خانمان نادات بە جلی کورتەوە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییە فەرمییەکانیدا پیشان بدرێن.