سەردێڕ:

لە چوارقوڕنە شەڕەتەقە روویدا

فۆتۆ: 
2021-04-16

53421 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە نزیک پێشانگای ئۆتۆمبێلەکان لە چوارقوڕنە رووداوێکی تەقەکردن روویداوە و کەسێک برینداربووە.


باخان تۆفیق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە ڕانیە رایگەیاند، لە چوارقوڕنە رووداوێکی تەقەکردن روویداوە و سێ کەس کەسێکی دیکەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە.

وتیشی، ئەو کەسەی تەقەکانی لێکراوە لە ئێستادا بریندارە لە نەخۆشخانە و نازانرێت ئایا لەژیاندایە یان گیانی لەدەستداوە.

لەو بارەیەشەوە شۆڕش ئیسماعیل وتبێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە ئێستادا مەفرەزەکان لە شوێنی رووداوەکەن و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بەردەوامە."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر لە ٧ی ئەم مانگەدا و نزیکەی حەفتەیەک بەر لە ئێستا، رووداوێکی تەقەکردن لە هەولێر لە نزیک ئەنجومەنی وەزیران روویدا، کە چوار کەس لە تەقەکردنەکەدا بەشداربوون و بەهۆیەوە دوو کەسیش بریندار بوون، هاوکات، یەکێک لەو کەسانەی تەقەی کردووە جلی هێزە ئەمنییەکانی لەبەردا بووە.

ئاستی رووداوی تەقەکردن تاڕادەیەک لە کوردستاندا بەرزە و هاوڵاتیانیش نیگەرانی ئەوەن، کە چەک لای کەسانی ئاسایی هەیە و هەندێک کەسیش بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن، بۆ ئەو دۆخەش، حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان بە کەمتەرخەم و بەرپرسیار دەزانن.