سەردێڕ:

ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکەی عێراق درێژکرایەوە

فۆتۆ: 
2021-04-15

2074 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی کاندیدەکانی بۆ ١ی ئایاری داهاتوو درێژکردەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیەنراوكی لەبارەی ماوەی تۆمارکردنی هاوپەیمانیێتی و کاندیدەکان بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەداوە، لە ١٣ی ئەم مانگەدا کۆبوونەوەیەك ئەنجامدراوە و تیایدا داوای درێژکردنەوەی ماوەی هاوپەیمانییە سایسیەکان و کاندیدەکان کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی گرفتی تەکنیکی و کارگێڕییەوە نەتوانراوە لیستی ناوی کاندیدەکان و هاوپەیمانیەتەکان تەواوبکرێت، کە قەدەغەی هاتوچۆی نیمچەیی و هەمیشەیی رێگربووە لە تەواوکردنی ناوی کاندیدەکان.

ئاشکراشیکردووە، ئەنجومەنی کۆمسیاران لەژێر رۆشنایی بڕیاری ژمارە (١)ی ٢٥ی شوباتی ئەمساڵدا؛ کە بۆ ماوەی تۆماری هاوپەیمانییە سیاسی و کاندیدەکان دیاریکراوە، بڕیاردراوە تاوەکو یەکی ئایاری داهاتوو ماوەکە درێژبکرێتەوە، راشیگەیاندووە، بەڵام ماوەی نوێکردنەوەی کارتی دەنگدەران درێژناکرێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەناوەڕاستی مانگی رابردوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرایکرد، تا ئێستا ٢٣٨ حزب و ٢٩ هاوپەیمانێتی مۆڵەتی بەشداریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیان پێدراوە.

بڕیاروایە لە رۆژی دەیەمی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، كە بڕیاربوو لە ٦ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت، بەڵام حكومەتی عێراق بە هۆكاری تەواونەبوونی ئامادەكارییە پێویستەكان بۆ هەڵبژاردن، كاتەكەی دواخست.