سەردێڕ:

مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا: لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبین

فۆتۆ: 
2021-04-15

5807 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی و مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و تیایدا، "هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشەکانیان سەرکۆنە و ئیدانە کرد و لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبن."


نوسینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، "لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکان بەردەوامە."

 

دەقی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی نیسانی 2021 لە گەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاووشئۆغلۆ گفتوگۆیان دەربارەی هێرشی تیرۆریستیی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی باشیک کرد .

هەردوولا بە تووندترین شێوە هێرشەکانیان سەرکۆنە و ئیدانە کرد و لە نزیکەوە لە پەیوەندیدا دەبن، لێکۆڵینەوەش لە هێرشەکان بەردەوامە.

 


ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمشەو لە ناحیەی زێلکانەی سەر بە قەزای شێخان سێ موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا کرا، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سەربازێکیان لە هەرێم کوژراوە و منداڵێکی دانیشووی گوندێکی سنورەکەش بریندار بووە.

هەر ئەمشەو، دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لەنزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا و دەژەتیرۆری کوردستانیش وتبووی، "موشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا."

رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵیش، ژمارەیەک موشەک ئاڕاستەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێم کران و تیایدا نزیکەی هەشت کەس بریندار بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا، کە ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

رۆژی ١٢ی ئەم مانگەش، ئەنجومەنى ئاسایشى هەرێم دانپێدانانى چەند کەسێکى بڵاوکردەوە و باسی لەوەدەکرد، ئەو کەسانە ئەندامی داعش بوون و بە نیازبوون بە بۆمبى چێنراو و دەمانچەى بێدەنگ لە هەولێر چەند هێرشێک ئەنجامبدەن.

هاوکات، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەكانمان سەرکەوتووانە پلانێکی تیرۆرستانی داعشیان لە هەولێر پوچه‌ڵكرده‌وه‌، كه‌ له‌ سوریاوه‌ پیلانەکە رێکخراوه‌ و ئاڕاستەکراوه." 

مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردبوو، "داوا لە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان دەکەم کە مەترسییەکانی ئەم هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیریی ھەرێمی کوردستان و دەرەوە  بە ھەند وەربگرن."