سەردێڕ:

بتکۆین بەرزترین نرخی خۆی تۆمارکرد

فۆتۆ: 
2021-04-13

8864 جار خوێندراوەتەوە

دراوی ئەلیکترۆنی بتکۆین بەرزترین نرخی پێوانەیی خۆیی بە ٦٢ هەزار و ٥٧٥ دۆلار تۆمارکرد. بەمەش یەکەمجارە لە ساڵی ٢٠٢١دا بەرزترین ئاستی تۆماربکات.


لە ناوەڕاستی مانگی ئادار بۆرسەى Binance بۆ دراوە ئەلکترۆنیەکان ئاشکرایکرد، نرخى یەک بتکۆین گەیشتە ٦٠ هەزار و ٢٠٠ دۆلار، بەڵام دواتر دابەزیوە تا ٥٩ بۆ ٦٠ هەزار دۆلار.

ئەوەش لە کاتێکدایە، پێشتر نرخی بتکۆین گەیشتبووە ٦٠ هەزار و ١٢ دۆلار و ئەمڕۆش بۆ یەکەمجار ئەو نرخەی تێپەڕاند.

لە مانگى یەکى ئەمساڵەوە نرخى بتکۆین بەردەوامە لە بەرزبوونەوە و لە ٣٢ هەزار دۆلارەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠ هەزار دۆلار.

بیتکۆین Bitcoin  دراوێکی ئەلیکترۆنی خاوەن کۆدە و بەشێوەیەکی ماددی بەردەست نییە، ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن کەسێک یان چەند کەسێکەوە بە ناوی خوازراوی ساتوشی ناکامۆتۆ ناسراو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنی و بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێتەوە دەستکرا بە مامەڵە پێوەکردنی.

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، یەکەم دراوی ژمارەییە کە بانکی نییە و بۆ ئاڵوگۆڕکردنیشی پێویستی بە بانک نییە. ساڵی ٢٠١٧ بەکارهێنەرانی لە نێوان دوو ملیۆن و ٩٠٠ هەزار بۆ پێنج هەزار و ٨٠٠ بەکارهێنەری هەبوو.

بەهای بیتکۆین ئەمساڵ لە جیهاندا بەرێژەی ٦٢٪ بەرزبووەوە و  هاوکات ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی کتوپڕ و بەرچاو بە رێژەی ٢٠٠٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.