سەردێڕ:

پارێزگاری هه‌ولێر: لەبەر گوزەرانی خەڵک قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ریمان رانەگەیاند

فۆتۆ: 
2021-04-13

27661 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، لەبەر ره‌چاوكردنی بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك، قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌ری رانه‌گه‌یەندراوە‌، له به‌رامبه‌ردا رێكاره‌كانی خۆپارێزی توندتر ده‌كرێنه‌وه‌.


ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر له‌ کۆنفرانسێکی هەواڵیدا رایگەیاند، به‌ ره‌چاوكردنی بار و گوزه‌رانی خه‌ڵك قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆی سه‌رتاسه‌رییان رانه‌گه‌یاندووە‌، له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا رێكاره‌كانی خۆپارێزی توندترده‌كرێنه‌وه.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی هه‌ڵكشانی ئاماره‌كانی توشبوون به‌ كۆرۆنا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا نیازی ئه‌وه‌ هه‌بوو قه‌ده‌غه‌ی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نرێت، به‌ڵام به‌ ره‌چاوكردنی بار و ژیانی خه‌ڵكی هەرێم رێكاره‌كان كه‌مكرانه‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشدا، له‌‌ پێشوازی مانگی ره‌مه‌زاندا، جموجۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر ده‌بێت، بازاڕ گۆڕانگاری به‌سه‌ردادێت، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ره‌چاوی ئه‌و داخوازییانه‌ی خه‌ڵكیان كردووە و رێكاره‌كان كه‌مکراونەتەوە.

باسی لەوەشکرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی مانگی رەمەزان‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ و خه‌ڵك زیاتر روو له‌ مزگه‌وت ده‌كات، بڕیاردرا ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بکرێنەوە.

دەشڵێت، رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی له‌لایه‌ن ئه‌وقافه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رانی مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ توند ده‌كرێنه‌وه‌، به‌شێك له‌ پێداویستییەکانیان بۆ دابینده‌كرێت و له ئە‌مڕۆوه‌ پڕۆسه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات.