سەردێڕ:

فازڵ میرانی: تا خاوەنی موچەخۆران بین سەرفراز دەبین

فۆتۆ: 
2021-04-13

17864 جار خوێندراوەتەوە

سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی رایگەیاند، سه‌ره‌ڕای هه‌موو قه‌یرانه‌كان مامۆستایان نه‌یانهێشت ده‌رگای قوتابخانه‌كان دابخرێت و پرۆسه‌ی خۆێندن به‌رده‌وام بوو، ئه‌مه‌ جێگه‌ی شانازیی و سه‌رفرازییه‌ بۆ مامۆستایان، دەشڵێت، "ئەم هەنگاوەیان رووی راستەقینەی مامۆستایانی نیشاندا."


فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی  پارتی باسی لەوەکردووە، سەرباری قەیرانی زۆری هەرێم، بەڵام مامۆستایان دەرگای قوتابخانەکانیان دانەخست، دەشڵێت، "تا خاوه‌ن كه‌سایه‌تی وه‌ك مامۆستایان و هه‌موو موچه‌خۆران و خانه‌نشینه‌كانی كوردستان بین هه‌ر سه‌رفراز ده‌بین."

چەندین جار بەرپرسانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاندووە، لەمەبەدوا ٣٠ رۆژجارێک موچە دابەشدەکەن، بەڵام ئامادەنین گۆڕانکاری لە رێژەی لێبڕینەکەدا بکەن و لایبەرن هەر ئەمڕۆش، وەزیرى دارایی هەرێم لە پەرلەمانى کوردستاندا رایگەیاند، ئەگەر بەغداش پارە بنێرێت حکومەتى هەرێم ناتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبکات.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٥دا حکومەتی هەرێم لەوکاتەدا دەستی بە پاشەکەوتکردنی موچە کرد و رایگەیاند، لە ماوەکانی داهاتوودا ئەو پارەیەی کە پاشەکەوتی دەکەن بۆ فەرمانبەرانی دەگەڕێننەوە، بەڵام ئێستا و پاش شەش ساڵ هیچ بڕە پارەیەکی پاشەکەوتکراو بۆ فەرمانبەران نەگەڕێنراوەتەوە.

پاش چەند مانگێکیش لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمیدا بڕیاردرا، موچەی فەرمانبەران بە لێبڕینەوە دابەشبکرێت و تا ئێستاش دابەشکردنی موچە بەوجۆرە بەردەوامە.