سەردێڕ:

ئەمریکا: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوامدەبین

لە زاری باڵیۆزەکەیانەوە لە عێراق
فۆتۆ: 
2021-04-12

9793 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کردووە و تیایدا، باڵیۆزەکەی واشنتۆن رایگەیاندووە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.


لە راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی رۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە ماتیو تولەر باڵیۆزی واشنتۆن لە بەغدا کردووە.

ئاماژە بەوەکراوە، کە لە دیدارەکەیاندا، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێکراوە.

هاوکات، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق تیشکی خستووەتەسەر دایەلۆگی ستراتیجی وڵاتەکەی و عێراق و رایگەیاندووە، کە لە چوارچێوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ روبەڕوبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش .

ئەوەش هاتووە، "باڵیۆزی ئەمریکا ستایشی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، بە تایبەتی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا".

باس لەوەشکراوە، کە سەرۆکی حکومەت لای خۆیەوە، سوپاسی هەوڵ و پشتیوانیی باڵیۆزی ئەمەریکای کردووە لە پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپات کردووەتەوە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم داواشیکردووە، حکومەتی عێراق ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا جێبەجێبکات.