سەردێڕ:

راوێژکاری ئەڵمانیا لە وەرگرتنی ڤاکسین پەشیماندەبێتەوە

فۆتۆ: 
2021-04-12

4217 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، راوێژکاری ئەو وڵاتە لە ناوەندی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ناوچەی تەمبڵهۆڤ ناوی خۆی تۆمارکردبوو بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە، بەڵام هەڵیوەشاندووەتەوە.


بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیا بەهۆی ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی فراکسیۆنی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی و یەکێتی کۆبوونەوەی مەسیحی نەیتوانیوە ئامادەی وەرگرتنی ڤاکسینەکە بێت.

هاوکات، بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا ناوەندی دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە ناوچەی تەمبڵهۆڤ ڤاکسینی جۆری ئەسترازینیکای بەریتانی- سویدی بەکار دەهێنێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئاژانسی دەرمانی ئەوروپای سەر بە یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەگەری هەبوونی پەیوەندیی هەیە لە نێوان وەرگرتنی ڤاکسینی ئەسترازینیکا و مەینی خوێن لە جەستەی وەرگرەکەدا کە دواتر دەبێتە هۆی وەستانی مێشک و توشبوونی بە جەڵتەی مێشک، بەڵام یەکلانەبووەتەوە.

ئەنگێڵا دۆرۆتیا مێڕکڵ لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٥٤ لە ئەڵمانیا لە دایکبووە و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە زانستی کیمیای فیزیایدا. بۆ ماوەی ١٨ ساڵ، واتە تا ساڵی ٢٠١٨ سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی ئەڵمانیا بووە.

مێرکڵ ماوەی ١٦ ساڵە راوێژکاری ئەڵمانیایەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات و جیهان کاریگەری و رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە ئاراستەکردنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا و نەخشەی سیاسی جیهانی.