سەردێڕ:

هەسەدە: لە کەمپی هۆڵ ١٥٨ داعشمان دەستگیرکرد

فۆتۆ: 
2021-04-11

1193 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانی سوریاى دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنەکانی ١٠ رۆژی رابردوودا لە کەمپی هۆڵ ١٥٨ داعشیان دەستگیرکردووە.


هێزەکانی سوریاى دیموکرات باسى لەوەشکردووە، لە ئۆپراسیۆنەکانی سەرەتادا ١٢٥ کەس لە کاربەدەستەکانی داعش دەستگیرکراون، کە ٢٠ بەرپرسی باڵایان لە نێودایە و ژمارەیەکیشیان ژنن.

هەدەسە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ٣٣ ئەندامی داعش دەستگیرکراون، کە حەوتیان ژنبون، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ناویان لە لیستی داواکراوەکاندایە.

بەگوێرەی هەسەدە، ئۆپراسیۆنەکانیان هەموو بەشەکانی کەمپەکەی گرتووەتەوە، جگە لە بەشی خێزانەکانی دەرەوەی رێکخراوی داعش.

باس لەوەشکراوە، ئەو کەسانەی لە کاتی هەڵمەتی هەسەدەدا دەستبەسەرکراون خەڵکی سوریا و عێراق و جەزائیرن.

بەگوێرەی راپۆرتی نوسینگەی پەنابەرانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاواش، کەمپی هۆل زیاتر لە ٦٠ هەزار پەنابەری نەتەوە جیاوازەکانى تێدایە.

کەمپی هۆڵ؛ لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەیە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باشوری شارۆچکەی هۆڵەوە دوورە، لە ئێستادا زیاتر لە ٦٨ هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە جیاجیاکانی سوریا و خێزانەکانی داعش و پەنابەرانی عێراقی تێدا نیشتەجێکراون.