سەردێڕ:

لێدوانی وەزیری ناوخۆی هەرێم لەسەر جێبەجێنەکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی

فۆتۆ: 
2021-04-11

22805 جار خوێندراوەتەوە

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، "جێبەجێ نەکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی چووە قاڵبی قەناعەتی کەسییەوە."


رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "جێبەجێ نەکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی چووە قاڵبی قەناعەتی کەسییەوە و لەگەڵ تەندروستی گشتیدا ناگونجێت و بڕیارەکانی ئێمە لە خزمەتی هاوڵاتیاندایە."

رێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دواتر بۆ دووەم رۆژ قسەم لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی کرد و قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ کرا و تا ئێستاش بەردەوامە"، دەشڵێت، "رەنگە جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە سلێمانی وەکو دهۆک و هەولێر نەبێت بەڵام تارادەیەکی زۆر جێبەجێکراوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیاری قەدەغەی نیمچەیی لە کاتژمێر ٨ی شەو بۆ ٦ی بەیانی دەرکرد و شەوی رابردوو لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ نەکرا.

لەوبارەیەوە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بە ئین ئاڕ تی راگەیاند، پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە رێکارەکان دەرخەری ئەوەیە کە زەمینەسازی نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ، وتبووشی، "دەبێت جێبەجێکردنی رێکارەکان ئارەزوومەندانە بێت، چونکە دەرکەوت ئەو رێکارانەی بە زۆر دەسەپێنرێت خەڵک روبەڕوبوونەوەی دژی دەبێت."