سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆی هەرێم باس لە گۆڕانکاری لە قەدەغەی هاتوچۆ دەکات

لە رەمەزاندا رێکارەکان دەگۆڕدرێن
فۆتۆ: 
2021-04-11

57597 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بەهۆی هاتنی مانگی رەمەزانەوە گۆڕانکاری لە رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆدا دەکرێت. ​


رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "گوێ لە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەگرین و رێکارەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت و بەهۆی رەمەزانەوە قەدەغەی هاتوچۆ وەک خۆی نامێنێتەوە."

رێبەر ئەحمەد راشیگەیاندووە، رێکارەکان دەبێت بە شێوەیەک بێت کە کەمترین بەرکەوتن دروست ببێت و رێکارەکان لەگەڵ کاتی بەربانگ و پارشێو و ئەو رێوڕەسمانە بگونجێنن کە لەگەڵ مانگی رەمەزان دێت، دەشڵێت، "پێویستیشە لە رووی عیبادەتەوە لەو مانگەدا وەکو خۆی بەڕێوەبچێت."

بڕیارە ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان کۆببێتەوە و لەسەر راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی لیژنەکە بڕیاری نوێ لەسەر کردنەوەی دەرگای مزگەوت و قوتابخانەکان و قەدەغەی هاتوچۆ دەردەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێم لە ساڵی رابردووەوە، سەریهەڵداوە و حکومەتی هەرێم لە مانگی ئاداری ساڵی رابردوو بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی دەرکرد و دواتر بە چەند قۆناغێک و لەبەر بژێوی هاوڵاتیان قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا، چونکە حکومەتی هەرێم وەک حکومەتەکانی دیکەی جیهان لەکاتی قەدەغەی هاتوچۆدا هاوکاری بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشنەدەکرد ئەوەش بارگرانی سەر هاوڵاتیانی زیاتر کردبوو.

سەبارەت بە خوێندنیش، ساڵی رابردوو لە مانگی شوباتەوە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن، بە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانیشەوە داخران و جگە لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ئەو خوێندکارانەی تاقیکردنەوەی خولی دووەمیان هەبوو هیچ پۆلێک تاقیکردنەوەی ئەنجامنەدا.

لەمساڵیشدا، خوێندنی سەرجەم ناوەندەکان بە پچڕ پچڕی خوێندراوە و لە دوایین بڕیاریشدا لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاریدا دەرگای قوتابخانەکان بە داخراوی بمێنێتەوە، هەر ئەمڕۆش، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "ئێستا گونجاو نییە دەرگای قوتابخانەکان بکرێنەوە"، وتبووشی، "دوو بژاردەمان لە بەردەمدایە، یان دەرگای خوێندن بە داخراوی دەمێنێتەوە یان خوێندن بە ئەلکترۆنی بەردەوام دەبێت."