سەردێڕ:

چەند پرۆژەیەکی گەشتیاری لە قەزای سۆران جێبەجێدەکرێن

فۆتۆ: 
2021-04-08

1992 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پرۆژەی گەشتیاری لە چیای "حەسەنبەگ"ی سەر بە قەزای سۆران جێبەجێ دەکرێن؛ کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە سەردانی ناوچەکە دەکەن و شوێنێکی لەبارە بۆ کەرتی گەشتیاری.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی باسی لەوەکردووە، چیای حەسەنبەگ یەکێکە لەو شوێنانەی کە کەوتووەتە ناو ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی گەشتیاری کە لە رێگای کەرتی تایبەتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

بارزان محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، چیای حەسەنبەگ دەکەوێتە سنوری ناوچەی سۆران لە ھەرچوار وەرزەکانی ساڵدا گەشتیاران سەردانی دەکەن و شوێنێکی لەبارە بۆ گەشتیاری.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پێش ئەنجامدانی پرۆژەکانی گەشتیاری رێگاوبانی چیای حەسەنبەگ نۆژەن بکرێتەوە و ئاسانکاریی زیاتر بۆ ھاوڵاتیان و گەشتیاران بکات.

ساڵانە و بەپێی وەرزەکان، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەدەر نییە لە سەردانی گەشتیاران بۆی و خەڵکی ناوچەکانی هەرێمیش گرفتی ئەوەیان هەیە، وەک پێویست خزمەتی ناوچە گەشتیارییەکان نەکراوە.