سەردێڕ:

کەیسی شەڕەکەی نێوان دوو هێزەکەی یەکێتی لە بازگەی تاسڵوجە بەکوێ گەیشتووە؟

فۆتۆ: 
2021-04-08

14634 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر کوژرانی ئاسایشێکی یەکێتی لەلایەن هێزێکی پێشمەرگەی ئەوە حزبەوە، کەسوکاری ئاسایشەکە داوای دادگاییکردنی تەقەکەرەکان دەکەن.


لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لە بازگەی تاسڵوجەی شاری سلێمانی گرژی و شەڕەتەقە لە نێوان دوو هێزی یەکێتیدا دروستبوو، کە یەکێکیان سەر بە جەعفەر مستەفا بەرپرسی پێشووی یەکەکانی ٧٠ی پێشمەرگە و جێگری ئێستای سەرۆکی هەرێم و ئەوی دیکەشیان دەزگای ئاسایشی سلێمانی بوو، کە تیایدا كارمەندێكی ئاسایش بەناوی شاخەوان ئەحمەد مەحمود گیانی لەدەستدا و پێنج كارمەندی دیكەش برینداربوون.

لە بارەی دوایین قۆناغەکانی ئەو کەیسە کەسوکاری شاخەوان بە ئێن ئاڕ تی'یان راگەیاند، لە ئێستادا شەش کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون و هێشتا لە زینداندا.

باسیان لەوەشکرد، کە بە هیچ جۆرێک سوڵحیان نەکردووە و جارێ هیچیان بۆ نەکراوە و ئەو شەش کەسە دادگایی نەکراون.

لە ١٠ی شوباتی ئەمساڵدا، شەڕ لە نێوان دوو هێزی یەکێتی لە بازگەی تاسڵوجە روویدا، کە تیایدا ئاسایشێک کوژرا و پێنج کارمەندی دیکەش برینداربوون، کە دوانیان برینەکانیان سەختبوو.

دوای شەڕەکەش، جەعفەر مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو پێشمەرگانەیان رادەستکردووە کە دەستیان لە شەڕەتەقەکەی بازگەی تاسڵوجەی سلێمانیدا هەبوو، وتیشی، "هەموو کات ئامادەن بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەری یاسا."

کارزان تاریق، سلێمانی

هـ.ئـ