سەردێڕ:

هاوپەیمانی فەتح: هەرێمی کوردستان بەنیازە دەست بەسەر شنگالدا بگرێت

فۆتۆ: 
2021-04-08

2084 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەستگرتن بەسەر شنگالدا، دەشڵێت، "هیچ رێککەوتنێک بێ رەزامەندی دانیشتوانی قەزاکە جێبەجێناکرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شەبەکی پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەردەوام هەوڵدەدات هەژموونی خۆی لە شنگال و دەشتی نەینەوا بسەپێنێت و دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت.

راشیگەیاند، رێککەوتنی شنگال جێبەجێناکرێت چونکە بێ راوێژکردن بە دانیشتوان و هێزە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە واژۆکراوە، دەشڵێت، هەر رێککەوتنێک سەرجەم پێکهاتەکانی شنگال لەسەری رەزامەند نەبن هەرگیز جێبەجێناکرێت.

رۆژی رابردوو، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ئاشکرایکرد، ''تا ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە کە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین لەسەری و بەربەستی زۆر ھەن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، ئەو خاڵانەش کە ھەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون، لەلایەن ھەندێک لایەنەوە رێگری لە جێبەجێکردنی دەکرێت".

پێشتر، لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتننامەیەکیان واژۆکرد.

بەگوێرەی رێککەوتننامەکە، قەزای شنگال ئیدارەیەکی ھاوبەشی لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمدا بۆ پێکدەهێندرێت، هاوکات، دۆسیەی ئەمنی قەزاکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی قەزاکە لە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکانیش دەبێت بچنە دەرەوەی سنوری قەزاکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ١٥ی ٣ی ٢٠٢١ شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق کە لە ھەریەک لە سەرۆک ئەرکانی سوپا و جێگیری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و بریکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری ھەواڵگریی سەربازی و فەرماندەی ھێزەکانی وشکانیی پێکهاتبوو، بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ رەوشی ئەمنی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال سەردانی ئەو قەزایەیان کرد.