سەردێڕ:

ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی سەرۆکی ھەرێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئاشکراکرا‌

فۆتۆ: 
2021-04-08

6250 جار خوێندراوەتەوە

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و لایەنە سیاسیەکان (جگە لە نەوەی نوێ) ئاشكراکرا و تیایدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێک تاوتێ کراوە و باس لە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداش کراوە.


سەرۆکایەتی هەرێم ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەکراوە، "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەریەکە لە بارودۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌، په‌يوه‌ندييه ده‌ره‌كييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ فه‌ره‌نسا، رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ هاوكێشه‌ سياسييه‌ تازه‌كاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكا ـ عێراق و به‌شدارى و رۆڵى هه‌رێمى كوردستان تيايدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بارودۆخى ناوخۆ و په‌يوه‌نديى نێوان پێكهاته‌ و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، تاوتوێ كرا."

ئاماژە بەوەكشراوە، کە حکومەتی هەرێم هیواخواز بووە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا جێبەجێبکرێت و ببێتە رەنگدانەوەی ئەرێنی بەرسەر ژیان و گوزەران و دۆخی ئابوریدا.

ئەويش هاتووە، دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستورييه‌كان، پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئاينده‌يه‌كى باشتر، واقعبينى و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرساريه‌تيى هه‌مووان، پێكه‌وه‌كاركردن، هاوبه‌شى، ته‌بايى و يه‌كڕيزى ده‌خوازێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لایەنە سیاسییەکان جگە لە نەوەی نوێ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم کۆبوونەوە، لای خۆشییەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ رەتیکردەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمدا بکات.

لە کۆبوونەوەکەدا، هەریەک لە فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی، عومەر سەید عەلی رێکخەری گۆڕان، سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەکگرتوو، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالست، ئانۆ جەوهەر وەک نوێنەری مەسیحیەکان و ئایدن مەعروف لە پێکهاتەی تورکمان بەشدارن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، بەبۆنەی هاتنی سه‌ری ساڵی نوێی كوردی و به‌هار و نەورۆز، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا بانگهێشتی لایەنە سیاسییەکانی کردبوو بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک.






‌بەپەلە